یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە کاتی سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە مەبەستی پیرۆزبایی لە حکومەتەکەی عەلی زەیدی، بەشێکی زۆری ئاستەنگ و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کۆتاییان هاتووە.
هەروەها ئێستا ڕێککەوتنی باش لەسەر دۆسیەی نەوت، سیستمی ئەسیکۆدای گومرگی و لیستی مووچە هەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە عەلی زەیدی بەڵێنی داوە لەمەودوا لەگەڵ پێدانی مووچەی بەسرە، مووچەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش بدرێت.
ڕێباز حەملان لە بارەی بڕینی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتییەوە جەختی کردەوە کە ئەم بڕە پارەیە لەسەر هەرێمی کوردستان فەرز کراوە و دەستوور و بڕیارەکانی دادگا باسیان لە بڕێکی جێگیر نەکردووە، بەڵکو تەنیا باسی پێدانی بەشێک لە داهاتی ناوخۆ کراوە.
لەسەر پرسی یەکلاییکردنەوەی پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق ڕوونی کردەوە کە چاوەڕێی بڕیاری دادگان و پۆستەکە بەپێی ڕێککەوتن ئیستحقاقی کورد و پشکی پارتییە.
لە تەوەرێکی دیکەی ناوخۆیی فەرمیشدا، ناوبراو داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە داخرانی پەرلەمان زۆری پێچووە، دەرگای پارتی بۆ هەموو لایەک کراوەیە و پەیامەکەی سەرۆک بارزانییش گشتگیر بووە و کەسی بەدەر نەکردووە.