دادگایەکی سەربازی لە چین سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو وەزیری پێشووی بەرگریی بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی بڕییەوە و بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی هەموو داراییەکانیشیانی دا.
میدیا فەرمییەکانی چین ڕایانگەیاند، دادگایەکی سەربازی ڕۆژی پێنجشەممە سزای لەسێدارەدانی بۆ هەریەک لە وی فنگه و لی شانگفو، وەزیرانی پێشووی بەرگریی ئەو وڵاتە دەرکردووە.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە دێت، هەردوو بەرپرسەکە بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵی دارایی تاوانبار کران، بەهۆیەوە سەرجەم داراییە کەسییەکانیشیان لە لایەن حکومەتەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی شینهوا، سزای لەسێدارەدانەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ ڕاگیراوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەگەر لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا هیچ تاوانێکی نوێ ئەنجام نەدەن، سزاکەیان بۆ زیندانی هەتاهەتایی دەگۆڕدرێت، بەبێ ئەوەی مافی کەمکردنەوەی سزا یان ئازادکردنیان هەبێت.