هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی کۆماری عێراق دوای کۆبوونەوەیەکی هاوبەش، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا جەختیان لەسەر پێویستیی خێراکردن لە تەواوکردنی کابینەی حکومەت، سەپاندنی سەروەریی یاسا و ڕادەستکردنی سەرجەم چەکەکان بە دەوڵەت کردەوە.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی نزار ئامێدی سەرۆککۆمار، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران، هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان، و فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری بەڕێوەچوو، کە تێیدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
پشتیوانی لە یاسای وەبەرهێنان و باشکردنی بژێوی خەڵک دەکرێت
لە ڕاگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماردا هاتووە، پێکەوە جەختیان کردووەتەوە لەسەر کاراکردنی توانای دامەزراوە حکومییەکان بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانەکانی بونیاتنان، پێشکەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و باشکردنی باری گوزەرانی هاووڵاتییان.
هەروەها سەرۆکایەتییەکان هاوڕابوون لەسەر گرنگیی دەرکردنی یاسا سەرەکییەکان، بەتایبەت هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە هەنگاوە ئابوورییەکانی حکومەت.
یەکبڕیاریی هێزە ئەمنییەکان و فرەچەشنکردنی داهات بە پێویست دەزانرێت
سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی و دارایی، هەر چوار سەرۆکایەتییەکە پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دووپاتکردەوە، بە جۆرێک کە پایەکانی دەوڵەت بەهێز ببن و دامەزراوە ئەمنی و سیاسییەکان خاوەنی یەک بڕیاری بنەڕەتی بن.
هاوکات جەخت لە گرنگیی ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری کرایەوە لە سهپاندنی یاسادا و ئاماژە بەوەش کرا کە پێویستە سەرچاوەکانی ئابووری و دارایی عێراق فرەچەشن بکرێن تاوەکو سەقامگیریی دارایی لە وڵاتدا جێگیر بێت.
داوای چارەسەری دیپلۆماسی بۆ شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکە دەکرێت
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق ئاوڕیان لە دۆخی ئاڵۆزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دایەوە و بە توندی جەختیان لەسەر پێویستیی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و پێکدادانەکان کردەوە.
ئەوان ڕایانگەیاند کە پێویستە سەرجەم ئاڵۆزی و ناکۆکییە چەکدارییەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆی ئاشتیانەوە چارەسەر بکرێن بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە مەترسیی گەورەتر.