ڕاستەوخۆ

پێکدادان لە نێوان گەریلاکانی یەرەکە و سوپای پاسداران لە مەریوان ڕوویدا

reset font size increase font size

دوای چەند ڕۆژێک لە گرژیی بەردەوام و جوڵەی سەربازیی بەرفراوان، شەڕ و پێکدادانێکی قورس لە نێوان یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) و سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری مەریوان ڕوویدا.

بەگوێرەی  ئەو زانیارییانەی لە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی یەرەکە بڵاوکراونەتەوە، پێکدادانەکان لە بەیانیی 7ی حوزەیرانی 2026ـەوە دەستیان پێکردووە، کاتێک هێزەکانی سوپای پاسداران بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی، هێزێکی زۆریان لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر کردووە و دەستیان بە بۆردومانکردنی چڕی ناوچە شاخاوییەکان بە چەکی قورس (تۆپ و هاوەن) کردووە.

هەروەها هێزەکانی یەرەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، بە مەبەستی پاراستنی پێگەکانیان و لە چوارچێوەی ئەوەی ئەوان بە "مافی پاراستنی ڕەوا" ناویان بردووە، وەڵامی هێرشەکانی سوپای پاسدارانیان داوەتەوە.

ئەم وەڵامدانەوەیە بووەتە هۆی شەڕێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوولا.

یەرەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئەنجامی ئەو پێکدادانانەدا، گورزی سەربازیی تووند بەر هێزەکانی سوپای پاسداران کەوتووە و بەهۆیەوە ژمارەیەک سەرباز کوژراو و برینداربوون.

لە بەرامبەردا، ئەو ڕێکخراوە جەختی کردووەتەوە کە هێزەکانیان هیچ زیانێکی گیانییان بەرنەکەوتووە و بە تەواوی کۆنترۆڵی پێگەکانی خۆیان دەکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.