وەزیری جەنگی ئەمریكا ڕایگەیاند، زیاتر لە حەوت هەزار ئامانجی ئێرانیان پێكاوە و توانیوویانیە هێزی بەرگری ئەو وڵاتە لە ناوببەن.
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، دوێنێ و ئەمڕۆ چڕترین هێرشیان بۆ سەر ئێران ئەنجامداوە، هەر لە سەرەتاوە ئامانجیان لەناوبردنی هەموو هێزی بەرگریی ئێران بووە و ئێستا ئەو وڵاتە توانای بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستیکی نەماوە و ئاستی هێرشەکانیشیان بە ڕێژەی 90٪ کەمیکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 120 کەشتیی جەنگیی ئێرانیان تێکشکاندووە و ئەو وڵاتە چیتر خاوەنی ژێردەریایی و هێزی سەربازیی لە دەریادا نییە.
ڕاشیگەیاند، دوایین ئامانجیان لەناوبردنی فەرماندەکانی سوپای پاسداران و بەسیجە و هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەو مەبەستە خستووەتەگەڕ.
هێگسەس هۆشدارییدا لەوەی سووربوونی ئێران لەسەر ئامانجە ئەتۆمییەکانی مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر جیهان و ڕایگەیاند: "ئێمە بڕوامان بە ئاشتی لە ڕێگەی جەنگەوە هەیە."