ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە راگەیەندراوێکی تونددا هێرش و کردەوە سەربازی و ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە "تیرۆری دەوڵەتی" ناوزەد کرد و هۆشداری دا کە ئەم سەرکوتکارییانە ئیرادەی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد بەهێزتر دەکەن.
پژاک ئاماژەی بەوە کردووە کە بەتایبەت لە دوای رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئەمریکا، تاران لەڕێگەی سوپای پاسدارانەوە شەپۆلێکی نوێی لەسێدارەدان و دەستگیرکردن و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە ناوچە کوردنشینەکان دەستپێکردووە.
پارتەکە جەختی لەوە کردەوە کە هێرشی درۆنی بۆ سەر گەریلاکانیان لە بانە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە مەهاباد کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار شەڕڤانی یەرەکە، هەروەها شەش پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە پیرانشار و کەمین بۆ سەر ئەندامانیان لە سەردەشت، بەشێک لە سیاسەتی بەرفراوانی سەرکوتکاریی حکومەتی ئێرانن.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، پژاک دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان لە دۆخی بەرگریی رەوادان و بەدوای فراوانکردنی شەڕدا نین، بەڵام مافی خۆیان دەزانن کە پارێزگاری لە ئەندامان و خەڵکی کوردستان بکەن و بە توندیش ئەو تۆمەتانەیان رەتکردەوە کە گوایە بزووتنەوەکەیان بە لایەنی دەرەکییەوە پەیوەستە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، پژاک پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانییان کرد و داوای یەکڕیزی و بەهێزکردنی بەرخۆدانی لە خەڵکی کوردستان کرد.