ڕاستەوخۆ

پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان؛ گرنگترین ئاڵنگاریی بەردەم کابینەکەی عەلی زەیدییە

reset font size increase font size

تەواوکردنی کابینەی حکومەت و پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان، وەک یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکانی بەردەم عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبینرێت، بەتایبەت دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان؛ بڕیاریشە سبەی دووشەممە، پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکان بدات.

دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان، عێراق چووەتە ناو قۆناغێکی نوێ و پڕ لە ئاڵنگاریی سیاسی، دارایی و ئەمنی، بۆیە لایەنە سیاسییەکان بە پێویستی دەزانن ئامادەکاریی باشتر بکرێت و ناڕۆشنییەکان تێپەڕێنرێن، کە گرنگترینیان تەواوکردنی کابینەکەی عەلی زەیدییە.

میدیای عێراقی بەپشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویانکردەوە، ناوی کاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەکان گەیشتووەتە سەرۆکوەزیران. ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵات بە قەیرانێکی سەختی دارایی و کورتهێنانی بودجەدا تێدەپەڕێت و بهای دۆلار بەرزکراوەتەوە، بەڵام بۆ ڕازیکردنی لایەنەکان، سێ وەزارەتی نوێ زیاد کراون؛ دووانیان بۆ گروپە چەکدارەکانن کە چەکیان داناوە و سێیەمیان بۆ تورکمانەکانە، کە بریتین لە: وەزارەتی ژیریی دەستکرد (بۆ محەمەد دەراجی لە کتائیبی ئیمام عەلی)، وەزارەتی گەشتوگوزار (بۆ عەلی دخێل لە کتائیبی سەیدوڵشوهەدا) و وەزارەتی دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە (بۆ محەمەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک لە بەرەی تورکمانی).

تاوەکو ئێستا گروپەکانی سەرایا سەلام، عەسائب، ئیمام عەلی، سەیدوڵشوهەدا و ئەنساروڵڵا ئەوفیا چەکیان داناوە و چوونەتە ژێر ڕکێفی دەوڵەتەوە، بەڵام هێشتا گروپەکانی نوجەبا، کەتیبەکانی حزبوڵڵا، سەرایا ئەولیای دەم و ئەسحابوڵکەهف چەکەکانیان ڕادەست نەکردووە.

سەبارەت بە کاندیدی لایەنەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان:

  • پارتی دیموکراتی کوردستان: بەنگین ڕێکانی بۆ جێگری سەرۆکوەزیران و ڕێباز حەملان بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.
  • هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: یاسر سەخێل بۆ وەزارەتی ناوخۆ و حەیدەر بەهباش بۆ خوێندنی باڵا.
  • عەسایبی ئەهلی حەق: محەمەد موسەوی بۆ وەزارەتی کار.
  • ڕەوتی عەمار حکیم: سەفا کینانی بۆ وەزارەتی وەرزش و لاوان، لەگەڵ لەیس خەزعەلی و موحسین مەندەلاوی بۆ جێگرانی سەرۆکوەزیران.
  • لایەنە سوننەکان: محەمەد تەمیم (تەقەدوم) بۆ جێگری سەرۆکوەزیران، عەلی ئەعرەجی (حەسم) بۆ وەزارەتی بەرگری، عەلی نەعێمی (عەزم) بۆ پلاندانان، و زەید عەلی بۆ ڕۆشنبیری.

هەرچی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی پشک و پێکهاتەی مەسیحییەکانە، هێشتا ناکۆکی لەسەر کاندیدەکەی ماوەتەوە و هەوڵەکان بۆ دروستکردنی کۆدەنگی بەردەوامن. چاودێران هۆشداری دەدەن کە گەڕانەوە بۆ دابەشکاریی تایفەیی و پشکپشکێنە لەسەر حساب و بەرژەوەندیی خەڵک، دروستبوونی ناڕەزایەتیی توندی جەماوەریی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.