نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کۆمەڵێک لە زیندانیانی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ئازاد دەکرێن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و چەسپاندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا.
پارێزگاری حەسەکە، لە پەیامێکدا داوای لە هاووڵاتییان کرد کە بە شێوازێکی بەرپرسانە گوزارشت لە خۆشییەکانیان بکەن و ڕایگەیاند، "پێویستە بە تەواوی لە تەقەکردنی خۆشی دووربکەونەوە و پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن، ئەمەش لە پێناو پاراستنی سەلامەتیی گەلەکەمان و ئاسایشی کۆمەڵگاکەماندا."
پرۆسەی ئازادکردنی ئەم بەندکراوانە، بەشێکە لەو هەوڵە ناوخۆییانەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ خاوکردنەوەی گرژییەکان و ڕەخساندنی کەشێکی گونجاوتر بۆ دیالۆگ و ئاشتیی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێن.