وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، هەڵگرتنی باج و گومرگ لەسەر هێلکە، مریشک و گۆشتی سووری هاوردەکراو بە ئامانجی کەمکردنەوەی نرخ و پاڵپشتیکردنی بازاڕە، لە بەرامبەردا وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بڕیارەکە ڕەتدەکاتەوە.
قوسەی حەتتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق بڕیاری هەڵگرتنی گومرگی لەسەر هێلکە، مریشک و گۆشتی سووری هاوردەکراو جێبەجێکردووە بە مەبەستی زیادکردنی خستنەڕوو لە بازاڕەکان و دابەزاندنی نرخ بەسەر هاووڵاتییاندا.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێگری لە هاوردەکردنی بەشێک لە سەوزەواتەکانی وەک تەماتە، خەیار و باینجان دەکەن، چونکە بەرهەمی ناوخۆیی بەشی پێویستی بازاڕەکان دەکات و پێویستیان بە هاوردەکردن نییە.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بڕیاری هەڵگرتنی باج و گومرگ لەسەر بەرهەمە ئاژەڵییەکان ڕەتدەکاتەوە و بە هەنگاوێک بۆ "خنکاندنی ئابووری و داهاتی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان"ی دەبات، داواش لە حکومەتی عێراق دەکات ئەو بڕیارە هەڵوەشێنێتەوە.