قسەکانی دوێنی مایک هوکابی، باڵوێزی ئەمریکا لە ئیسرائیل لەبارەی ئیسرائیل کاردانەوەی توندی لێکەوتووەوە کاتێک ئیسرائیلی بە خاوەن مافی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناساند و گوتی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاکی ئەبراهامە.
هەر زوو قسەکانی کاردانەوەی گەورەی لەنێو وڵاتان و رێکخراوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکەوتووە و بە 'توندڕەوی' و ' قبوڵنەکراو' وەسفیان کرد.
وەزارەتی دەرەوەی سعودییه گوتی، قسەکانی هوکابی شێوازێکی توندڕەوانەیە و قبوڵنەکراوە و داوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکەین روونکردنەوە بدات.
هاوكات وەزارەتی دەرەوەی میسریش بە پێشێلکاریی یاسا نێودەڵەتییەکان ناوی برد و دەڵێ، ئیسرائیل هیچ مافێکی بەسەر فەڵەستینی داگیرکراو و خاکی عەرەبدا نییە.
ئوردیش وەک وڵاتێکی دیکەی عەرەبی هاتە دەنگ و وەزارەتی دەرەوە دەڵێ، ئەم قسانە دەستوەردانە لە سەروەری وڵاتانی ناوچەکە.
لای خۆشیهوه کۆمکاری عەرەبی لە کاردانەوە قسەکانی هوکابیدا دەڵێ، سروشتی ئەم قسانە توندڕەوییە و هیچ خزمەتێکی ناوچەکە ناکات و هەستی نیشتمانی و ئاینی خەڵکی ناوچەکە دەجوڵێنێت.
مایک هوکابی، باڵوێزی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا كه ڕۆژی هەینی بڵاوبوهوه گوتی، بەگوێرەی تەورات رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هی ئەبراهام و نەوەکانییەتی، ئیسرائیل دەتوانێت پەلکێشی بۆ ئەو ناوچانە بکات.