سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نیوان ئێران و ئەمریکادا، هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن.
شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی شەش درۆنەوە هێرشکرایە سەر چەند ناوچەیەکی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، بەوەش ژمارەی ئەو هێرشانەی لە سەرەتای جەنگەوە کراونەتە سەر هەرێم 750 هێرشی تێپەڕاند.
درەنگی شەوی ڕابردوو، بە چوار درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی سازمانی خەبات لە ناحیەی باشیک و کەمپی جێژنیکان لە سنووری پارێزگای هەولێر.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکان تەنیا زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە و هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە.
هاوکات و لە هەمان کاتدا، لە سنووری پارێزگای سلێمانیش کەمپی زرگوێزەڵە لە ڕێگەی دوو درۆنەوە کرایە ئامانج.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئیسرائیل - ئەمریکا و ئێران، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زیاتر لە 750 هێرشی درۆنی و مووشەکی بووەتەوە. بەشێک لەو هێرشانە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستەکراون و بەشەکەی دیکەشیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقی نزیک لە تاران جێبەجێ کراون.