میدیاکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن، هاوڵاتییەکی عێراقی لە تورکیا دەستگیرکراوە کە تۆمەتبارە بە داڕشتنی پیلان بۆ تیرۆرکردنی ئیڤانکا ترەمپ، کچی سەرۆکی ئەمریکا،ئەوەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی.
ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا هاوڵاتییەکی عێراقییان بە ناوی "محەممەد باقر سەعد داود ئەلسەعدی" دەستگیرکردووە، بە تۆمەتی ئەوەی پلانی هەبووە هێرش بکاتە سەر ئیڤانکا ترەمپ، کچی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوە ئەمنییانەی لێدوانیان بۆ ڕۆژنامەکە داوە، ئەلسەعدی تەمەنی 32 ساڵە، پەیوەندیی بە سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقییەوە هەیە.
ئامانجی سەرەکیشی لەم پیلانە، تۆڵەسەندنەوە بووە لە کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کە لە سەرەتای ساڵی 2020دا لە هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە بەغدا کوژرا.
ڕۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو تۆمەتبارە عێراقییە لەڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە، نەخشە و زانیاریی وردی لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی ئیڤانکا ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا بڵاوکردووەتەوە و بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی،"ئێمە لە ئێستادا لە قۆناغی چاودێری و شیکاریداین، پێم وتیت، تۆڵەسەندنەوەمان تەنها لەسەر کات وەستاوە."