هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە بەشداریی پێنج لایەنی سیاسی پێکهێنرا، ئاماژەیان بەوەش کردووە: هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان لە کوردستانی ئێران، وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو جۆرە لێدوانە لاواز و بێ بنەمایەی ڕەزا پەهلەوی، جەخت لەسەر هەڵوێستە پرەنسیپییەکانی خۆی لە داکۆکیکردن لە پرسی نەتەوەی کورد و مافە ڕەواکانی گەلانی ستەملێکراوی ئێران دەکاتەوە.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، ڕەزا پەهلەوی، لە ڕاگەیەنراوێکدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هۆکاری سەرەکیی دروستبوونی دووبەرەکی لە ئێران ناوبرد و گوتی: یەکپارچەیی خاکی ئێران هێڵی سووری نەتەوەی مەزن و یەکگرتوومانە، هەر تاکێک یان گرووپێک کە ئەم هێڵە سوورە ببڕێت، یان هاوکاریی ئەو کەسانە بکات کە لێی دەبڕن، ڕووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی نەتەوەی هۆشیاری ئێران دەبێتەوە.