تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، ئەگەر باڵەخانەی پەرلەمان ببێتە خاوەنی بڕیار و پەکەکە هەنگاو نەنێت و پرۆسەی چەکدانان خێرا نەکات، ئەوا یەکەم لایەن دەبن بە ئاشکرا ڕەخنە لە پەکەکە دەگرن و هەڵوێستی توندیان لە بەرانبەر وەردەگرن.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی، با میکانیزمێک بۆ چاودێری و پاراستنی پرۆسەکە لە مەترسییەکان دابمەزرێنین، کە ناوی "دەستەی چاودێری و بەدواداچوونی پرۆسەکە" بێت. ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە نوێنەرانی پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان ببنە ئەندام تێیدا و ڕۆڵی ئاسانکاری بگێڕن.
تونجەر باکرهان، داوای لە نوعمان کورتوڵموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد، نوێنەرانی پارتەکان کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی پێشکەشی پەرلەمان بکرێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی، واژۆ لەسەر ئەو پێشنیازە دەکەن، کە باخچەلی بۆ دیاریکردنی پێگەی ئۆجالان خستبوویە ڕوو.
تونجەر باکرهان، ڕووی دەمیشی کردە ئەردۆغان و ڕایگەیاند، مێژوو ناوی ئەوانە دەنووسێتەوە، کە بوێری دەنوێنن، فەرموون با مێژوو پێکەوە بنووسینەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی پێشنیازی پێکهێنانی دەستەی چاودێریی پرۆسەی ئاشتی دەکات
تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەمپارتی، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، بۆ پاراستنی پرۆسەی ئاشتی، پێشنیازی پێکهێنانی میکانیزمێکی هاوبەشی کرد بە ناوی "دەستەی چاودێری و بەدواداچوونی پرۆسەکە".