بەڕێوبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە هەڵمەتی هێزەکانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسکیلە بێسەرەتا و تۆمارنەکراوەکان لە تەواوی سنووری پارێزگای سلێمانیدا بەردەوامیی هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هاتوچۆ، لە ماوەی ڕابردوودا ژمارەی ئەم جۆرە ماتۆڕسکیلانە بە ڕادەیەکی بەرچاو لەنێو شاردا زیادیان کردبوو، بەهۆی پابەندنەبوونی شۆفێرەکانیان بە یاساکانی هاتوچۆ و ئەنجامدانی سەرپێچیی بەردەوام لەسەر شەقام و شۆستەکان، ببوونە مایەی شێواندنی ئارامی و بێزارکردنی هاوڵاتیان.
هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەهۆی کێشە و سەرپێچییەکانی ئەم ماتۆڕسکیلانەوە، بەردەوام سکاڵایەکی زۆری هاووڵاتیانیان بەدەست دەگەیشت، هەر بۆیە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو سکاڵایانە و بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گشتی، هەڵمەتەکەیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەر ماتۆڕسکیلێکی نایاسایی ڕاگەیاندووە و ڕێکاری تووندیان لە دژ دەگرنەبەر.