نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە لە شاری هەولێر پێشوازیی لە تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی قۆستنەوەی دەرفەتی مێژوویی ئێستا بۆ بەدیهێنانی ئاشتی کردەوە و دووپاتیان کردەوە کە "نابێت ئەم دەرفەتە لەدەست بچێت"، هاوکات ئاماژەیان بە پێویستیی پشتیوانیی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە پرۆسەکە کرد.
لە دیدارییەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئامادەیی بەخشینی هەموو هاوکاری و یارمەتییەکی پێویستی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە نیشان دا و جەختی لەسەر ئاماژەدان بە گرنگیی ئاشتی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی تورکیا و تەواوی ناوچەکە کردەوە.
لە لایەنی خۆیەوە، تونجەر باکرهان سوپاس و پێزانینی خۆی و دەم پارتی ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ هەڵوێستە ئەرێنییەکان و هەوڵە بەردەوامەکانی لە پاڵپشتیکردن و سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیدا.