لە تەلاری مێژوویی "گۆستینی دڤۆر" لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا، چالاکییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی هونەری "ڕۆحی ڕوسیا" دەستی پێکرد.
ئەم فێستیڤاڵە کە ساڵانە بۆ پەرەپێدانی دیالۆگی نێوان گەلان ڕێکدەخرێت، ئەمساڵ بایەخێکی تایبەتی بە کلتوری کوردی داوە و وەک تەوەرێکی سەرەکیی لە ڕۆژانی دوو، چوار و شەشی ئایاردا ناسێنراوە.
بەرنامە کوردییەکە کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت لەوانە؛ نمایشی هەڵپەڕکێی ڕەسەن، گۆرانی و موزیکی نەتەوەیی، و ناساندنی دابونەریتی زەماوەندی کوردی.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی فێستیڤاڵەکەدا، پێشانگای جلوبەرگی نەتەوەیی و کارەدەستییە هونەرییەکانی کوردستان بۆ سەردانیکەران کراونەتەوە.
جگە لەمانە، نمایشی شانۆیی بەشێکی گرنگیی بەرنامەکان بوون کە سەرنجی ئامادەبووانیان بۆ لای دەوڵەمەندیی فۆلکلۆری کوردی ڕاکێشاوە.
ئەم بەشدارییە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ناساندنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەژمار دەکرێت.


