مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی زانکۆکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، ئەگەر بەرپرسانی ئێران شەهید بکرێن، کەسانی دیکە هەن کە لەوان باشترن و بۆ سەربەرزیی گەل و پاراستنی خاکی وڵاتەکەیان ئامادەن گیانیان ببەخشن.
پزشکیان لە گوتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە چینی دانشگاهی و خوێندکاران ڕۆڵی سەرەکییان هەیە و دەتوانن ئێران لەو بارودۆخە سەختەی تێیکەوتووە ڕزگار بکەن.
سەرۆککۆماری ئێران لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لە کێشەی سووتەمەنی و نرخی بەنزین کرد و ڕایگەیاند: "ناتوانین ئیتر بەنزین بە 1,500 تمەن بفرۆشین، لە کاتێکدا تێچووی دابینکردن و گواستنەوەکەی 5,000 تمەنە." لەگەڵ ئەوەشدا، پزشکیان هۆشداری دا کە هەر گۆڕانکارییەکی خێرا و لەپڕ لە نرخی سووتەمەنیدا دەبێتە هۆی تێکدانی بارودۆخی کۆمەڵگە و دروستبوونی ئاڵۆزی.