مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا لەگەڵ بەشێک لە دانیشتوانی شاری دێربەسییە لە ڕۆژاوای کوردستان کۆبووەوە و ڕایگەیاند، پرۆسەی یەکگرتن گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و ڕێگە بە هیچ هەوڵێک نادرێت بۆ تێکدانی.
لە کۆبوونەوەکەدا کە تێیدا باس لە پێشهاتەکان و تەحەددیاکانی بەردەم ناوچەکە کرا، مەزڵوم عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان و بەهێزکردنی کاری هاوبەش هەیە، بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانەی لە ئەنجامی زیاتر لە 15 ساڵ خەبات بەدەست هاتوون بپارێزرێن.
عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی یەکگرتن سەرجەم پێکهاتەکانی ناوچەکەی لەخۆگرتووە، لەوانە کورد، عەرەب، سریانی، ئاشووری و ئەرمەنی، لەگەڵ سەرجەم ئەو کارمەندانەی لە دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەردا کار دەکەن، بە ئامانجی دڵنیابوون لەوەی هەموو لایەنێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا نوێنەرایەتییان هەبێت.
سەبارەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان، مەزڵوم عەبدی ڕایگەیاند که ناڕەزایەتیی ئاشتیانە مافێکی ڕەوایە و دەوڵەت گوێ لە داواکاریی هاووڵاتییان دەگرێت، بەڵام جەختی کردەوە: "کردەوەی وروژێنەر و هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن یان تێکدانی پرۆسەی یەکگرتن کە لە قۆناغی کۆتاییدایە، لە هیچ بارودۆخێکدا تەحەمول ناکرێت."
ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا داوای لە خەڵکی ناوچەکە کرد کە هانی منداڵەکانیان بدەن بۆ خوێندن و فێربوونی زمانی کوردی تەنیشت زمانی عەرەبی، و جەختی لە گرنگیی پاراستنی زمانی دایکی و بەهێزکردنی ڕۆڵی لە پرۆسەی پەروەردەدا کردەو