مەزڵوم عەبدی، ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری سوریا، لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە شاری تل تەمیر ڕایگەیاند کە زمانی کوردی بووەتە زمانێکی فەرمی و هەوڵەکان بۆ زامنکردنی خوێندن بە زمانی دایکی بەردەوامن، جەختیشی کردەوە کە پرۆسەی یەکگرتن گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA)، عەبدی لەو کۆبوونەوەیەدا دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی یەکگرتنی بەپێی ڕێککەوتنی ٢٩ی ژانویە تاوتوێ کرد و ڕایگەیاند: "بەهۆی متمانە بە هەنگاوەکانی ناوەوە، پرۆسەی یەکگرتن گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ تێکدانی ئەم هەنگاوانە."
خاڵە سەرەکییەکانی وتارەکەی مەزڵوم عەبدی:
فەرمییەت و خوێندن بە زمانی کوردی: عەبدی سەرنجی خستە سەر پرسی زمان و ڕایگەیاند کە زمانی کوردی بووەتە زمانێکی فەرمی و هەوڵەکان بۆ دابینکردن و زامنکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایکی بەردەوامن.
پێکهێنانی لیژنەی بێسەروشوێنکراوان: سەبارەت بەو کەسانەی لە کاتی شەڕدا دیارنەماون یان بێسەروشوێن کراون، ئاماژەی بەوە دا که لیژنەیەکی تایبەت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم مەلەفە پێکهێنراوە تاوەکو چاودێریی دۆخەکەیان بکات و کۆتایی بەو فایلە بهێنێت.
پێداگری لەسەر ئاشتی: لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە که "ئێمە یەک هەنگاو بۆ دواوە ناچین و ڕێگە نادەین ناتەبایی لەنێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەدا دروست بكرێت، چونكە باوەڕمان بە ئاشتی هەیە."