مانگی سوری کوردی لە ڕۆژاڤا ڕایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە شەپۆلێکی نوێی ئاوارە ڕوویان لە ڕۆژاڤای کوردستان کردووە و دەشڵێت، ئاوارەکان لە دۆخێکی خراپی مرۆییدان.
دڵگەش عیسا، هاوسەرۆکی مانگی سوری کوردی لە ڕۆژاڤای کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا گوتی، هاتنی شەپۆلی ئاوارەکان دۆخێکی نوێ نییە لە ناوچەکەدا و بەردەوامی هاتنی ئاوارەکان دوای داگیرکردنی عەفرین لە ساڵی 2018وە دروستبووە.
ئاشکراشیکرد، بەگوێرەی ئامارەکانی مانگی سوری کوردی، تا ئێستا 60 هەزار کەس بە هۆی گرژییەکانی ئەمساڵەوە ئاوارەبوونە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی نەبوونی خۆراک، شوێنی مانەوە و پێداویستی دەرمان ئاوارەکان کەوتوونەتە ناو دۆخێکی خراپی مرۆیی و ئەم دۆخەش تادێت مەترسیدارتر دەبێت.
جەختیشکردەوە، ئاوارەکان پێویستییان بە هاوکاریی مرۆیی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە پێگەیان دیاریبکرێت و چارەسەرێکی هەمیشەییان بۆ بدۆزرێتەوە.