دوای ئەو هێرشەی کرایە سەر قوتابجانەیەک لە ئورفا لە باکوری کوردستان، سەندیکاکانی پەروەردە مانگرتنیان ڕاگەیاند و ڕەخنەیان لە بوونی کێشە ئەمنییەکان گرت.
دوێنێ لە ناحیەی سیڤەرەک لە ئورفا، چەکدارێک چووە ناو ئامادەیی پیشەیی و تەکنیکی سیڤەرەکی ئەحمەد کۆیونجو و بەبێ جیاوازی تەقەی کرد. لە ڕووداوەکەدا 16 کەس برینداربوون و تەقەکەرەکەش، کە دەگوترێت خوێندکاری پێشووی قوتابخانەکە بووە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
سەندیکاکانی پەروەردە ڕایانگەیاند، هێرشی سیڤەرەک ڕووداوێکی دابڕاوی توندوتیژی نەبووە، بەڵکو دەرئەنجامی قووڵبوونەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بووە لە سیستەمی پەروەردەدا .
هەروەها جەختیان لەسەر ئاسایش کردەوە و ڕایانگەیاند، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان بە تەنها بەس نین بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی و چارەسەریش لە بنیاتنانەوەی سیستمێکی پەروەردەدایە کە لەسەر بنەمای یەکسانی و گشتگیری و دەستڕاگەیشتن بە بنەما زانستییەکان و پەروەردەی زمانی دایکی دامەزراوە. هەروەک لە هەواڵەکاندا بڵاوکراوەتەوە، بە گشتی هەشت سەندیکا بڕیاریان داوە مانبگرن.