جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پێی نایە 36ـیەمین ڕۆژەوە، ئاماری و ژمارەی کوژراو و برینداری جەنگەکە لە ئێران تاوەکو دێت ڕوو لە زیادبوون و بەرزبوونەوەیە تاوەکو ئێستاش نزیکەی دوو هەزار هاوڵاتی کوژراون کە 244 کەسیان منداڵن.
ئاژانسی هەرانا، کە تایبەتە بە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاماری کوژراوانی 24 کاتژمێری ڕابردووى جەنگی نێوان ئیسرائیل - ئەمریکا دژی ئێران بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، لە 13 پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەى 206 هێرش ئەنجام دراون، هێرشەکان بۆ سەر بنکەی سەربازی، بارەگاکانی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، بنکەکانی پۆلیس، کۆگاکانی نەوت و ژێرخانی وزەی ئەتۆمی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا دامەزراوەکانی خزمەتگووزاریی و شوێنی نیشتەجێیبوونی هاوڵاتییانیش کراوتەتە ئامانج.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێرانەوە تا دوێنێ 3ـی نیسانی 2026 هەزار و 607 کەس کوژراون، لەو ژمارەیە 244 منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵی تێدایە.
