پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، هاوڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی خەڵکی نەغەدە بۆ زیندانی ئەو شارە گوازرایەوە و لە بانەش چارەنووسی هاوڵاتییەکی دیکە بە نادیاری ماوەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، مەنسور عەبدوڵڵازادە، هاوڵاتیی خەڵکی گوندی خەلیفانی نەغەدە، دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی لە زیندانێكی ئیتڵاعاتەوە بۆ زیندانی نەغەدە گوازرایەوە.
ناوبراو مانگی ڕابردوو لەگەڵ برایەکی بە ناوی مەنوچێهر عەبدوڵڵازادە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ناو ماڵەکەی خۆیدا دەستگیركرابوو، مەنوچێهر دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکان ئازاد کرابوو.
عەبدوڵڵازادە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە، تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون، لەبەردەستدا نییە.
لە لایەکی دیکەوە، دیاکۆ ئەیازی، هاوڵاتیی خەڵکی بانە، ماوەی دوو هەفتەیە لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
هێزە ئەمنییەکان بۆ چوونە ناو ماڵی ناوبراو، جلی فەرمانبەرانی فەرمانگەی گازیان بەکار هێناوە، بنەماڵەی ئەیازی سەرەڕای چەندینجار سەردان بۆ ناوەندەکانی دادەوەری، هیچ وەڵامێکیان دەستنەکەوتووە و لە دۆخی تەندروستی و تۆمەتەکانی ناوبراو ئاگادار نەکراونەتەوە.