ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی داهاتووی وڵاتانی کەنداو و ئێران گوتی، خەڵکی ناوچەکە پەیوەندییەکی قووڵیان هەیە و وڵاتەکانیان دەبێت ڕێگەیەک بۆ پێکەوە ژیان بدۆزنەوە".
ئەنساری ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێران هەزار ساڵە لێرەیە، خەڵکی ئەم ناوچەیە هەزار ساڵە لێرەن، کەس ناچێتە شوێنی کەس و کەس ناسڕدرێتە، لەناوبردنی تەواوەتی بژاردەیەکی گونجاو نییە بۆ هیچ لایەک".
سەبارەت بە ئێران جەختیکردەوە، دروستکردنەوەی متمانە پەیوەستە بە ئێرانەوە، پەیوەندیی برایانەی نێوان خەڵکی قەتەر و ئێران دەبێ لە سەرووی هەموو کیشەیەکی سیاسیەوە بێت.
دەشڵێت، "ئێستا بڕیارەکە لای ئێرانییەکانە، چۆن ئەو متمانەیە بونیاد بنێنەوە کە بەهۆی هێرشەکانیان بۆ سەر سەروەری خاکی قەتەر لەدەستیاندا".
ئەمە لە کاتێکدایە، ئێران لە سەرەتای جەنگەکەوە چەندین جار بە درۆن و موشەک قەتەری بە ئامانج گرتووە، دواین جاریش بەهۆی هێرشکردنەسەر هلیکۆپتەرێک دوو کەسی ئەو ولاتە کوژران.