قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت، دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان لەبارەی تەندروستیی مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکان و دەڵێ، هیچ كێشەیەكیان نییە و تەندرووستن بۆ خواردن.
فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی بە وەکالەت، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ بەڕێوەبەرای سامانی ئاژەڵی سلێمانی گوتی، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، 700 کێڵگەی پەلەوەری بوونیان هەیە. لەو ژمارەیەش، تەنیا خاوەنی 18 کێڵگە ویستوویانە ئەو دەرمانە قەدەغەکراوە بەکاربهێنن، بەڵام پێش ئەوەی کارەکە ئەنجام بدەن لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر دەرمانەکەدا گیراوە و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانن لە هەندێك كەناڵ كە ململانێ دەكەن لەسەر ئەو پرسە كە لە سلێمانی روویداوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی راستییەكە وەكو خۆی نەگات، لە هەموو حاڵەتێكدا ئەو مەترسییە نەگەیشتووەتە ئەوەی بچێتە سەر سفرەی خەڵك و ئەوەی بەكاریهێناوە كاتی فرۆشتنی مریشكەكانی نەبووە.