وەزارەتی گواستنەوەی عێراق پلانێکی فراوانی بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ ڕاگەیاند، کە تێیدا 100 گەشتی ئاسمانی تەرخان کراوە بۆ گواستنەوەی حاجیانی هەرێمی کوردستان و عێراق.
مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە بە میدیای فەرمیی عێراق گوتووە؛ تەواوی پڕۆسەی گواستنەوەی حاجیان لە ماوەی 17 ڕۆژدا ئەنجام دەدرێت، گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی (بەغداد، هەولێر، سلێمانی، نەجەف و بەسرە) بۆ وڵاتی سعودیە ئەنجام دەدرێن سەرەتا بە چوار گەشتی ڕۆژانە دەستپێدەکات و دواتر بۆ حەوت گەشت زیاد دەکرێت.
سەبارەت بە حاجیانی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە گەشتەکانیان دەکەن، فڕۆکەخانەی هەولێر ڕۆژی پێنجشەممە 7ـی ئایار، یەکەم گەشت بەرەو سعودیە دەکات، هەروەها فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕۆژی هەینی 8ـی ئایار، گەشتەکانی حاجیان دەستپێدەکات.
ئەوەی ئەمساڵ بۆ عێراق دیاریکراوە، 33 هەزار کەس دەتوانن بچن بۆ حەج، لەو ڕێژەیە پێنج هەزاری بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە.