وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، خێزانە گەڕاوەکانی کەمپی هۆل لە کەمپی جدعە لە باشووری موسڵ نیشتەجێ دەکرێن و ئامادە دەکرێن بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو خێزانەکانیان.
عەلی عەباس، گوتەبێژی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی گوتووە، کەمپەکە ناوەندێکی سەرەکییە بۆ چاکسازیی و یەکخستنەوەی ئەو خێزانانەی لە کەمپی هۆڵ دەگەڕێنەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، کەمپەکە بە پلەی یەکەم ئامانجی پەرەپێدانی ژیانی هەمەچەشنی خێزانەکانە و توانای پیشەیی خێزانەکانە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانیان و بەرنامەی ڕاهێنانی تایبەتمەند بۆ هەر خێزانێک لەخۆدەگرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 هەزار عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گەڕێنراونەتەوە، لەو ژمارەیەش نزیکەی 19 هەزاریان بە تەواوی تێکەڵی کۆمەڵگە بوونەتەوە و گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی ئەمنییان بۆ دروست ببێت. کەمپی جەدعە لە پارێزگای موسڵ تایبەتە بە شیاندنەوەی ئەو کەسوکارانەی چەکدارانی داعش کە لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەگەڕێندرێنەوە، تاوەکو دواتر بگەڕێنەوە زێدی پێشووی خۆیان لە پارێزگاکانی عێراق.