لە کفری بڕیار درا لەمەودوا دابەشکردنی غازی ماڵان لە ڕێگەی کۆبۆنی خۆراکەوە بێت بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لە گەیشتنی سووتەمەنی بە یەکسانی بەسەر تەواوی هاوڵاتییاندا.
قایمقامییەتی کفری لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگاداریی داوەتە هاوڵاتییان، لەمەودوا شێوازی دابەشکردنی غاز دەگۆڕێت و وەک پێشتر نامێنێت. ئاماژەی بەوەکردووە، ڕێکارەکە لە پێناوە دابینکردنی غازە بەشێوەیەکی یەکسان بۆ هاوڵاتییان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی قایمقامییەت، لەمەودوا دابەشکردنی غاز بەسەر ماڵاندا بە کۆبۆنی خۆراک (فۆڕمی بایەعی)ـیەوە دەبێت، هەر ماڵێکیش یەک بتڵی غاز وەردەگرێت. ئاماژە بەوەشکراوە، تا دابەشکردنی غاز بە سەر هەموو ماڵەکاندا تەواو نەبێ، هیچ ماڵێک ناتوانێ دوو جار غاز وەربگرێت.
ئەوەشی روونکردوەتەوە، پێویستە کۆبۆنی خۆراک تازە، واتا هی ساڵانی 2020 و 2021 بێ و هەروەها کۆپی نەبێت.