سێزای تەمەلی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەم، لە لێدوانێکدا سەبارەت بە پرۆسەی نوێ و پێکهێنانی کۆمیسیۆنی بەدواداچوون لە پەرلەمان، جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت پرۆسەکە بە شێوازێکی ڕوون بەڕێوە بچێت و بۆ ڕێگریکردن لە دەنگۆ و سابۆتاژکردن، پێویستە هەموو کەناڵەکانی پەیوەندی بکرێنەوە.
ناوبراو تیشکی خستە سەر ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجالان لەم پرۆسەیەدا و ڕوونی کردەوە کە بابەتەکە تەنها بە چەکدانان سنووردار ناکرێت، بەڵکو ئۆجالان لە هەنگاوەکانی سیاسەتکردن و دیموکراتیزەکردنی سەردەمێکی نوێدا لە پێگەی ئەکتەری سەرەکیدایە.
تەمەلی ئەوەشی خستە ڕوو کە بۆ بەشداریی چالاکانەی ئەو لە میکانیزمی دانوستان و دیالۆگدا، دەبێت مەرجەکانی کارکردن و ژیانی چاک بکرێن.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەم ئاماژەی بەوەش کرد کە پشووی پەرلەمان بۆ کارەکان ئاستەنگ نییە و جەختی کردەوە کە کۆمیسیۆنی بەدواداچوون نابێت بۆ دەستپێکردنی چالاکییەکانی تاوەکو یەکی تشرینی یەکەم چاوەڕێ بکات و دەبێت هەنگاوەکان بە خێرایی بنرێن.