بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بە سێ درۆنی خۆکوژ بەرزاییەکانی گوندی شوێ-یان لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆردومان کرد؛ فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) ڕایدەگەیێنێت کە هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و هۆشداریی تووندیش دەداتە سوپای پاسداران.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەکانی سوپای پاسداران بە بەکارهێنانی سێ درۆنی خۆکوژ، بەرزاییەکانی گوندی شوێی سەر بە شاری بانەیان کردووەتە ئامانج.
یەرەکە ئاشکرای کردووە کە بۆردومانەکە هیچ زیانێکی گیانیی بۆ سەر هێزەکانی ئەوان لێنەکەوتووەتەوە و تەنیا بووەتە هۆی شێواندن و گەیاندنی زیانی ماددی بە باخ و باخچەکانی هاووڵاتییانی نیشتەجێی ناوچەکە.
لە پاش هێرشەکە، فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیامێکی هۆشداریی تووندی ئاراستەی سوپای پاسداران کرد و ڕایگەیاند: "هێرشکردنە سەر خاکی هەرێمەکە بە هیچ شێوەیەک قبووڵنەکراوە و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەکدا، وەڵامی پێویست و گونجاومان دەبێت."
یەرەکە لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەیدا دڵنیایی دەداتە دانیشتووانی ناوچەکە و جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی گیان و ماڵی خەڵک بە ئەرکی سەرەکی و بنەڕەتیی خۆیان دەزانن و لەو پێناوەدا بە تەواوی بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن.