له ڕووداوێكی دڵتەزێندا لە بەنداوی مەهاباد، دوو هاووڵاتی خنکان کە یەکێکیان گەنجێکی تەمەن 18 ساڵە و ئەوی دیکەشیان هونەرمەندێکی ناسراوی شارەکەیە، کە بە مەبەستی ڕزگارکردنی گەنجەکە خۆی خستبووە ناو ئاوەکەوە.
سەردار فداکار مەکری، جێگری بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی ڕێکخراوی ئاگرکوژاندنەوەی شارەوانی مەهاباد ڕایگەیاند، "شەوی ڕابردوو ڕاپۆرتێکمان پێگەیشت سەبارەت بە خنکانی دوو کەس لە بەنداوی مەهاباد، دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتنی ڕێکخراوەکەمان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران."
بە گوتەی شایەتحاڵانی ڕووداوەکە، سەرەتا گەنجە 18 ساڵانەکە دەکەوێتە ناو ئاوەکە و خەریکە دەخنکێت، پیاوە 37 ساڵانەکەش بە مەبەستی ڕزگارکردنی ژیانی ئەو باز دەداتە ناو ئاوەکەوە، بەڵام بەداخەوە هەردووکیان گیان لەدەستدەدەن.
جێگری بەڕێوەبەری ئاگرکوژاندنەوەی مەهاباد ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی تاریکی شەو و سەختی بارودۆخەکەوە، تیمەکانی مەلەوانی تەنیا توانیویانە تەرمی گەنجە 18 ساڵانەکە بدۆزنەوە و گەڕان بەدوای تەرمی دووەمدا بۆ بەرەبەیانی ئەمرۆ دواخرا، کە دواجار سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تواندرا تەرمی ئەویش دەربهێندرێتەوە.
بە گویرەی زانیارییەکان، کەسی دووەم کە تەمەنی 37 ساڵ بوو و لە کاتی هەوڵی ڕزگارکردنی گەنجەکەدا خنکا، هونەرمەندی ناسراوی مەهاباد (زانکۆ قادرزادە) بووە، کە ساڵانێکی درێژ بوو لە بواری مۆسیقا و ژەنینی ئامێری تاردا چالاک بوو.