دوو لیژنەی هاوبەش لەلایەن ئەنجومەنی گەل لە ڕۆژاڤای کوردستان لە ناوچەکانی تلتەمر و زڕگان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و لێکۆڵینەوە لە پاککردنەوەی مینەکانی سنورەکە پێکهێنران.
ئاژانسی هەواڵی هاوار بڵاویکردەوە، دوو لیژنەی هاوبەش لەلایەن ئەنجومەنی گەل لە زڕگان و تلتەمر بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارەکان و لێکۆڵینەوە لە ژمارە و چۆنیەتی پاککردنەوەی مینەکانی ناوچەکە پێکهێنراون.
هاوکات ئەنجومەنی گەلی زڕگان ڕایگەیاند، لە 82 گوندی ناوچەی زرگان، 55 گوندییان لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و 27 گوندی دیکەیان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی کاتیی سوریایە، هاوکات ئاشکرایکردووە، نۆ گوندی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بەهۆی هێرشەکانەوە بەتەواوەتی چۆڵکراوە و 10 گوندی دیکەشیان لەلایەن سوپای تورکیاوە داگیرکراوە و چەندین بارەگای سوپای تورکیاش لە ناوچەکەدا هەیە.
بڕیارە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 29ـی کانونی دووەمی 2026ـی نێوان حکومەتی کاتیی سوریا و هەسەدە سەرجەم ئاوارەکانی عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی بگەڕینەوە زێدی خۆیان، هەر لەم چوارچێوەیەشدا ئیدارەی ڕۆژاڤای کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ دامودەزگاکانی ناوچەکە دەستییان بە ئامادەکارییەکانیان کردووە.