دوران کاڵکان ڕایگەیاند، دەوڵەت بەشێوەی تاکتیکی و بەرژەوەندیی سیاسی لە پڕۆسەی چارەسەریی نزیک دەبێتەوە نەک ستراتیژیک، ئەمەش لەکاتێکدایە عەبدوڵڵا ئۆجالان بەشێوەیەکی هزری و ستراتیژیک لە پڕۆسەکە دەڕوانێت.
دوران کاڵکان، ئەندامی ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەر بەشداربوو ڕایگەیاند، "ڕێبەر ئۆجالان بە کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بەشێوەیەکی ئاشکرا دیاریکرد، ئیتر هیچ ڕێگەیەکی گەڕانەوە بۆ ئەم بابەتە نەماوە".
کاڵکان ئاماژەی بەوەکرد، حکومەت بەشێوەیەکی هەڵە لە پڕۆسەکە دەڕوانێت و دەڵێت، "پێویست ناکات پەلە بکەین" و لە پڕۆسەکە "تێنەگەیشتووین"، ئەمەش وا دەکات حکومەت زەرەمەندی سەرەکیی بێت.
جەختیشی کردەوە، ئەگەر پرسی کورد لەسەر بنەمای دیموکراسییەت تێکەڵ بە سیستمی یاسایی نەکرێت، هەموو گەلانی تورکیا زیانیان بەردەکەوێت.
دوران کاڵکان ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی سەرەکیی ئەوەیە هێشتا دیارنییە ئۆجالان دەتوانێت بەشێوەیەکی ئازادانە بژیت و کار بکات یان نا، گەر ئەم پرسە ڕوون بکرێتەوە ئەوا ڕێگە بۆ هەموو پرسەکانی دیکەش دەکرێتەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا کاڵکان گوتی، "هەندێک لە بەرپرسانی ئاک پارتی بەشێوەیەکی ژەهراوی قسە دەکەن، وەک ئەوەی سوێندییان خواردبێت لە دوژمنایەتی کردنی کورد بەردەوامبن".
کاڵكان ڕایگەیاند، "دەوڵەت-نەتەوە تووشی ڕووخان بووە. گۆڕانکاری لە ئێران دا دروستدەبێت، کۆمەڵگەی ئێران کراوەترین کۆمەڵگەیە بۆ ئازادی و دیموکراسی". گوتیشی، ڕاستە دەوڵەتگەرایی بەهێزە بەڵام لەهەمان کاتدا ئازادیی کۆمەڵگە و پێشەنگایەتی ژنانیش لە ئاستێکی بەرزدایە.
لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، جەنگی ئێران ئەوەی سەلماند، ئەمریکا هەژمونی بە سەر ناتۆ و وڵاتانی ئەوروپا نەماوە.