ڕاستەوخۆ

دوای ساڵێک یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ لە کەرکوک جێبەجێنەکراوە

reset font size increase font size

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەرچوونی، تاوەکو ئێستا یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان لە سنووری پارێزگای کەرکوک جێبەجێنەکراوە.

ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق، لە دانیشتنی ڕۆژى 21ـی کانوونی دووەمی 2025، یاسای گەڕاندنەوەی موڵکى بۆ خاوەنەکانیان پەسەندکرد، کە بەهۆی چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشەوە، لە سەردەمى بەعسدا لێیان زەوتکرابوو.

ڕۆژى 15ـى ئازارى ساڵی ڕابردوو، وەزارەتی دادی عێراق، لیژنەیەکی بۆ چاودێریی یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان پێکهێنا، کە پێکهاتبوو لە نوێنەرى ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیران و ئەندامێتیى وەزارەتەکانی دارایی، داد و کشتوکاڵ و پارێزگای کەرکوک، ئەرکی لیژنەکە ئامادەکردنی ڕەشنووسێکی ڕێنمایی دەبێت بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاساکە.

یاساکە، لە پێنج مادە پێکدێت و ئامانجی گەڕانەوەی ئەو موڵکانەیە بەهۆی چەند بڕیارێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە لە خاوەنەکانیان زەوتکراوە.

یاساکە، هەشت بڕیارى ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش هەڵدەوەشێنێتەوە، کە لەنێوان ساڵانی 1975 تاوەکو 1979 دەرکراون، هەشت بڕیاریان تایبەتە بە پارێزگای کەرکوک و دوو بڕیاری دیکەیان تایبەتن بە پارێزگای دیالە.
بەگوێرەى یاساکە، ئەو زەوییانەی خاوەنەکانیان قەربوویان وەرگرتووە، یان بۆ وەزارەتەکانی نەوت و بەرگریی تەرخانکراون لە خشتەی هاوپێچدا، ناگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان.

محەممەد ئەمین، نوێنەرى جووتیارانى کەرکوک دەڵێ ، بڕیارە قۆناغ بە قۆناغ زەویى کشتوکاڵى بگەڕێتەوە بۆ جووتیارانى کورد، کە بە کۆى گشتى 490 هەزار دۆنم زەوى دەکات، پرۆسەکە 48 گوند دەگرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.