پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای پشووەکانی جەژن کۆبوونەوەیەکی لووتکە ئەنجام دەدەن؛ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتیش ڕایدەگەیێنێت، حیزبەکەی هەموو ئامادەکارییەکی پێویستی کردووە بۆ ئەوەی پەیامەکەی مەسعود بارزانی بە ئاراستەی کۆدەنگیی نیشتمانی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا لەبارەی پهیوهندییهکانی نێوان ههردوو حیزبی فهرمانڕهوا و داهاتووی پرۆسەی سیاسی ڕایگەیاند، "لەبەر ڕۆشنایی پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی، بڕیارە ڕاستەوخۆ دوای جەژن، هەنگاوی کردەیی و جددی بنرێت بۆ کۆبوونەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتیش کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی."
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە هەبوونی گرژی و ساردیی زۆری نێوان هەولێر و سلێمانی دەکەن، پشتیوان سادق ڕەشبینییەکانی ڕەواندەوە و گوتی: "پارتی و یەکێتی بەردەوام لە پەیوەندیدان و کەناڵەکانی گفتوگۆ دانەخراون، بەینیان ئەوەندە خراپ نییە وەک ئەوەی لە میدیاکانەوە نیشان دەدرێت."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دووپاتیشی کردەوە، کە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر ئاستی سەرکردایەتی هەموو جۆرە ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ئەوەی پەیامەکەی سەرۆکی پارتی هەنگاوی کردەیی بۆ بنرێت و دەرگایەکی نوێ بۆ ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
ئەم جموجۆڵە نوێیە لە کاتێکدایە، لە پەیامی پیرۆزبای جەژندا مەسعود بارزانی دەستپێشخەرییەکی بۆ لایەنە سیاسییەکان ڕاگەیاند بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کوردی و تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی کە لە ناوچەکەدا هەیە.