دایکانی ئاشتی لە کوردستان ڕایانگەیاند، منداڵانی ئەم خاکە بەهۆی بیروباوەڕ و بیرکردنەوە و چالاکییە سیاسییەکانیانەوە، ڕووبەڕووی مەترسیی و لە سێدارەدان دەبنەوە، داواش دەکەن دەستبەجێ لەسێدارەدان لە ئێران ڕابگیرێت.
دایکانی ئاشتی لە کوردستان، پەیامێکیان ئاڕاستەی حزبە کوردییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، هێز و بزووتنەوە مەدەنییەکانی ئێران و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان کردووە، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەکەن.
دەڵێن، بەهۆی بیروباوەڕ و بیرکردنەوە و چالاکییە سیاسییەکانیانەوە منداڵانی ئەم خاکە، ڕووبەڕووی مەترسی مردن دەبنەوە، نەک تەنیا ژیانی ئەوان، بەڵکو کەرامەتی مرۆڤ و داهاتوی کۆمەڵگەش دەخاتە مەترسییەوە.
ئاماژە بەوەشدەکەن، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە هەڵوێستێکی هاوبەشە لە دژی نادادپەروەریی، ئەم داواکارییانەشیان ئاڕاستەی حزبەکان و ڕێکخراوە جیهیانییەکانی ماف مرۆڤ کردووە:
- ڕاگرتنی دەستبەجێ و بێ مەرجی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی.
- هەماهەنگی لە نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکان.
- زیادبوونی فشاری نێودەوڵەتیی لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە .
- ڕاکێشانی سەرنجی گشتی جیهانی بۆ دۆخی زیندانیانی سیاسی.
- پشتیوانی لە کەسوکاریی زیندانیان و قوربانیانی لەسێدارەدان
بکرێت.