ئەمڕۆ دوای نوێژی هەینی، بەشێک لە دانیشتووانی عەرەبی گەڕەکەکانی شاری حەسەکە خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و بە بەرزکردنەوەی ئاڵای سووریا داوای گەڕانەوەی تەواوەتیی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندییان بۆ شارەکە کرد، هاوکات ئاسایشی ڕۆژاڤا ڕێگریی لە پێشڕەویی خۆپیشاندەران بەرەو گەڕەکە کوردییەکان کرد.
بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، لە خۆپیشاندانەکەدا گرژی دروست بوو کاتێک بەشێک لە خۆپیشاندەران هەوڵیان دا بەرەو گەڕەکە کوردییەکانی شارەکە بڕۆن. هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژاڤای کوردستان دەستبەجێ ڕێگەیان نەدا خۆپیشاندەرە عەرەبەکان بپەڕنەوە و ڕێگرییان لە هەر هەوڵێکی توندوتیژی یان هێرشکردنە سەر ماڵ و هاووڵاتییانی کورد کرد.
ئەم خۆپیشاندانانە لە کاتێکدایە که دوای ڕێککەوتنی نێوان بەڕێوەبەریی خۆسەر و حکومەتی سووریا لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ (٢٠٢٦)، دانیشتووانی عەرەبی ئەم گەڕەکانە چەندین جار داوای خێراکردنی جێبەجێکردنی بڕگەكانی ئەو ڕێککەوتنەیان کردووە. لە ئێستاشدا هەردوولا لە دانووستاندنی بەردەوامدان بۆ یەکخستنی دامەزراوەکان، لە کاتێکدا لایەنی کوردی جەخت لەسەر پاراستنی ئارامی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان دەکاتەوە.
لە لایەکی ترەوە، ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA) بڵاوی کردەوە که بەهۆی دەستڕێژیی گوللەی چەند چەکدارێکەوە لە شاری حەسەکە، سێ هاووڵاتیی کورد بریندار بوون، ئەمەش نیگەرانی و پەرەسەندنی دۆخی ئەمنی لە شارەکەدا زیاتر کردووە.