باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس گورزێکی بەهێزی بەرکەوت و بزووتنەوەکە بە فەرمی کوژرانی یەکێک لە دیارترین و باڵاترین فەرماندە مەیدانییەکانی خۆی لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند.
بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس، لە لێدوانێکدا پشتڕاستی کردەوە کە عیزەدین حەداد، سەرکردەی سەربازیی ناوداری بزووتنەوەکە، بەهۆی هێرشێکی ئاسمانیی چڕی فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر چەند ئامانجێک لە شاری غەززە کوژراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێش بڵاوبونەوەی هەواڵەکە لەلایەن حەماسەوە، بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی ئیسرائیل ڕایانگەیاندبوو کە هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی ورددا عیزەدین حەدادیان کردووەتە ئامانج.
ئیسرائیل حەداد بە یەکێک لە مەترسیدارترین فەرماندە باڵاکانی حەماس دادەنێت و تۆمەتباری دەکات بەوەی یەکێک بووە لە ئەندازیارە سەرەکییەکان و داڕشتنی پلانی هێرشە بەناوبانگەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە کوژرانی حەداد پەیامێکی ڕوونە بۆ سەرکردایەتیی حەماس و جەختی لەوەش کردەوە: "تەلئەبیب بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتن و لێپرسینەوە لەگەڵ سەرجەم ئەو فەرماندە و چەکدارانەی کە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستیان لە داڕشتن، پلان دانان یان جێبەجێکردنی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەردا هەبووە."
ئەم پێشهاتە سەربازییە لە کاتێکدایە کە کەرتی غەززە بەهۆی بەردەوامیی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانەوە لە دۆخێکی مرۆیی و ئەمنیی زۆر سەختدایە، و کوژرانی فەرماندە بالاکانی حەماسیش کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر ئاڕاستەی شەڕەکە لەسەر زەوی دروست دەکات