حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکارەکانی لیستی موچەی تەواو کردووە و داهاتی ناوخۆ کۆدەکاتەوە و ڕەوانەی بەغدادی دەکات، موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش چاوەڕوانی موچەی مانگی نیسان دەکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە داهات بۆ مانگی چوار لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک کۆدەکرێنەوە و دواتر بەغدادی لێ ئاگادار دەکرێتەوە، کە هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مانگە دەتوانێت چەندێک داهات ڕەوانەی بەغداد بکات.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، بەغدادیش نەرمی نواندووە کە هەرێمی کوردستان ١٢٠ ملیار دینار نەنێردرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکلانەکراوەتەوە بڕەکەی بۆ ئەم مانگە چەند دەبێت ئەمەش دەگەڕێننەوە بۆ ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی کە لە ناوچەکەدا هەبووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای مانگی ئایارداین، بەڵام هێشتا موچەخۆران و فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی چواریان وەرنەگرتووە، چەندین ساڵە موچەخۆران باجی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد دەدەن، زیاتر دواکەوتنی موچەش کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخ و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و کاسبکارانیش دروستدەکات.