ئەو کافێیانەی لەسەر دیوارەکانى ئامەد یان دیوارى سور کراونەتەوە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی بوونەتەوە، بەڵام سەرەڕاى ئەوەى لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێگری لەو هەنگاوە ناکەن، بەڵکو لە هەمانکاتدا کارئاسانى دەکەن بۆ بازرگانیکردن لەسەر مێژووى شارەکە لە کاتێکدا دیوارەکە لە لیستی میراتی ڕۆشنبیری جیهانیی یونسکۆدایە.
دیوارى ئامەد کە بە دیوارى سور ناسراوە، دوای دیواری گەورەی چین بە یەکێک لە درێژترین و پانترین و بەهێزترین دیوارەکانی جیهان دادەنرێت، هەرچەندە مێژووی دروستبوونی نادیارە، بەڵام مەزەندە دەکرێت کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی حورییەکان واتە دوو بۆ سێ هەزار ساڵ پێش زایین بگەڕێتەوە.
دیوارى ئامەد درێژییەکەی پێنج هەزار و ٨٠٠ مەترە، لە ساڵی ٢٠١٥دا خراوەتە لیستی میراتی ڕۆشنبیری جیهانیی یونسکۆوە، دیوارى شارەکە کە لە هەندێک شوێن کارەکانی نۆژەنکردنەوەیان بۆ دەکرێت، لە ساڵانی ڕابردوودا سەرنجى ژمارەیەکى زۆر لە گەشتیارانی بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە.
بەڵام بڕیاری گۆڕینی سیماى بەشێک لە دیوارەکانی شارەکە کە لەژێر پاراستنی یونسکۆدایە بۆ کافێ، لەلایەن هاوڵاتیانى ناوچەکەوە ناڕەزایەتى لێکەوتووەتەوە.
ساڵانێکە هاوڵاتیان نیگەرانن لە پشتگوێخستنى دیوارەکە، جگە لەوەش وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزاریش ئەو شوێنانە دەداتە هەندێک کەس بۆ بەکارهێنان لە ڕێگەی تەندەرەوە، ئێستا لە زۆر شوێنی سەر دیوارەکانی ئامەد کافێکان کراونەتەوە بەوەش ڕووبەڕووی ناڕەزایی گشتی بوونەتەوە.
بەڵام سەرەڕاى بوونى ناڕەزایەتیەکان مۆڵەت و ڕێکارەکانى کارکردن بۆ قاوەخانەکانی سەر دیوارەکانی ئامەد لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزارى حکومەتى تورکیا پەرەی پێدەدرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەو کەسانەی کە بۆ سەردانی دیوارەکانی ئامەد دێن، کاتێک دەبینن هەوڵى گۆڕینى ناسنامەى دیوارەکە دەدرێت کە بە دیوارى سور ناسراوە کە میراتێکى مێژووییە ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو هەنگاوە نادادپەروەرییەکی گەورەیە کە بەرامبەر مێژوو دەکرێت.