پێگەی کورد لە دامەزراوە و کەرتی سەربازیی عێراقدا بەرەو نەمان دەچێت و لە 0% نزیکدەبێتەوە؛ ئەمیندارێکی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەش ڕایدەگەیێنێت، کورد کە جاران بەغدای دەپاراست و لایەنە عێراقییەکانی پێکدەهێنا، ئێستا لە هاوکێشە سەربازییەکەدا بێڕۆڵ دەکرێت.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، کورد جاران ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە پاراستنی بەغدا و ڕێکخستنەوەی پێکهاتەکانی شیعە و سوننە، بەڵام ئێستا پێگەکەی لە کەرتی سەربازیی عێراقدا زۆر لاواز بووە و لە بێڕۆڵییەکی تەواو نزیکدەبێتەوە.
هاوکات شارەزایان و ڕاوێژکارانی سەربازی هۆکاری ئەم پاشەکشەیەی کورد بۆ نەبوونی یەکڕیزی دەگێڕنەوە. بەمۆ عومەر، ڕاوێژکاری سەربازی لە وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، پەرتەوازەیی ناوخۆیی لایەنە کوردییەکان وایکردووە کە کورد نەتوانێت لە ناوچە دابڕێندراوەکانیشدا وەک پێویست بەرگری لە ماف و پێگەی خۆی بکات.
سەبارەت بە چارەسەری ئەم کێشەیەش، عادل جەبار، نوێنەری دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا جەختی لەوە کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخرێن، چونکە تەنیا یەکخستنی هێزەکان دەتوانێت پێگەی کورد لە عێراقدا بەهێز بکاتەوە.
لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە، سانا کەمال کە پارێزەرێکە، ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت: "لەڕووی دەستوورییەوە دەبێت هەموو پێکهاتەکانی عێراق بەگوێرەی ڕێژەی دانیشتووانیان، بوون و نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەیان لە سەرجەم دامەزراوە و کایەکانی دەوڵەتدا هەبێت."