تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە دیداری مێری لە هەولێر ڕایگەیاند، چارەسەرنەکردنی پرسی کورد لە تورکیا قەیرانی ئابووریی گەورەی لێکەوتووەتەوە، و جەختی کردەوە کە چارەسەرکردنی ئەم پرسە کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەبێت.
باکرهان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیاش وەک عێراق، سوریا و ئێران خاوەنی پرسی کوردییە و گوتی: "ماوەی 100 ساڵ بوو تورکیا دەیویست بوونی کورد ئینکار بکات و تەنانەت هەوڵی پاکتاوکردنی دا، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی ئاشتییانە پرسەکەی چارەسەر نەکرد، زیاتر لە سێ ترلیۆن دۆلار زیانی ئابووریی بەرکەوت."
هاوسەرۆکی دەم پارتی تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوچەکە و باسی لەوە کرد که جیهانی ئەمڕۆ جیاوازە و زلهێزەکان بەدوای بەرژەوەندییەکانیاندا دەگەڕێن؛ هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر پرۆسەی چارەسەری لە ئێرانیش دەست پێبکات، ئەوا ئەوان وەک دەم پارتی بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لێ دەکەن.