توركیا له ڕێگهی ڕێكخراوێكی خێرخوازییهوه دهیهوێت دهست بهسهر كهرتی دهریایی سۆماڵدا بگرێت.
بەگوێرەی ئهو زانیارییه تایبهتییانهی دهست نوچه كهوتوون، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بۆ فراوانکردنی هەژموونی سەربازی و دارایی وڵاتەکەی لە ئەفریقا، سندوقی خانەنشینیی هێزە چەکدارەکانی تورکیا (ئۆیاک)ی بە سەرۆکایەتی (زەکایی ئەکسکاڵ)، ناردووەتە سۆماڵ بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەرتی دەریایی سۆماڵ.
ئەردۆغان، چەند مانگێک لەمەوبەر (زەکایی ئەکساکاڵ)، فەرماندەی پێشووی هێزە تایبەتەکانی تورکیای وەک سەرۆکی ڕێکخراوی (ئۆیاک) دەستنیشان کرد، کە پێشتر سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیای لە سوریا کردووە و پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی سوریادا هەیە.
لە ماوەی ئەرکەکەی لە سوریا، ئەکسکاڵ تۆمەتباربوو بەوەی ئەو بڕە پارەیەی قەتەر کە بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریای تەرخان کردبوو، بۆ بەرژەوەندیی تورکیا بەکاریهێناوه، له ئێستاشدا بۆ سێ ئامانجی سەرەکی نێدراوەتە سۆماڵ
- دەستبەسەرداگرتنی بەندەر و ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکانی سۆماڵ کە ئێستا لە دۆخێکی داڕماندایە.
- بۆ دامەزراندن و بە سەربازکردنی گەنجانی سۆماڵ و بردنیان بۆ خزمەتی سەربازی سوپای تورکیا لە ناوچەکەدا.
- گۆڕینی سۆماڵ بۆ ناوچەیەکی داخراوی ئابووریی بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنانی سەربازیی تورکیا.
پێشتر تورکیا، لە ڕێگەی چەندین ڕێکخراوی خێرخوازیی و هاوکارییەوە، لە وڵاتانی ئەفریقا لە بەرانبەر پێدانی موچە، گەنجانی وڵاتە ئسیلامییەکانی ئەفریقای بە سەرباز کردووە و گروپی چەكداری بۆ درووست کردوون، تا لەوێ بەرژەوەندییەکانی تورکیا بپارێزن.
هەرچەندە (ئۆیاک) لە ڕواڵەتدا سندوقێکی خانەنشینییە بۆ دەستەبەری مافی سەربازە خانەنشینەکان دامەزراوە، بەڵام لە ڕاستیدا وەک بەشێک لە دەوڵەتی قوڵ کار دەکات.
ئەم ڕێکخراوە ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی ئەردۆغان و وەزارەتی بەرگریی تورکیادایە.