سهرۆكی ئهمریكا ڕایگەیاند، هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران کارێکی بێسودە و وڵاتهكهی بهشداردهبێت لە دیاریکردنی سەرکردایەتی داهاتووی وڵاتهكه.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی، لە وەڵامی بانگهشهكانی ئێران بۆ ئامادەکاری بەرانبەر هێرشی زەمینی ئەمریکا و ئیسرائیل وتی، ئەوە کات بەفیڕۆدانە، ئەوان هەموو شتێکیان لەدەستداوە، ئێران هێزی دەریایی و هەرچییەک کە بووی، لەناوچووە.
لە کاتێکدا ئێران، خەریکی هەڵبژاردنی رێبەرێکی نوێیە، ترەمپ ئاشکرایکرد، دەیانەوێت بچنە نێو وردەکارییەکان و هەموو شتێک پاک بکەنەوە، نایانەوێت کەسێک بێت بۆ دووبارە بونیادنانەوەی هەمان سیستم.
ترەمپ رایگەیاندووە، کەسانێکمان لەبەرچاوە کە رەنگە کارێکی باش بکەن، هەرچەندە ناوی کەسی نەهێناوە، بەڵام جەختی کردەوە هەوڵدەدەن، ئەوکەسانە لە جەنگەکەدا نەکوژرێن و پارێزراو بن.