دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، سەرەڕای بەڵێنەکانی ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵام تاران شکستی هێناوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی و ئەوەش بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و کێشە بۆ وڵاتانی جیهان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ترووس) نوسیوویەتی، ئێرانییەکان باس لە بوونی مین لە گەرووی هورمز دەکەن، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی هێزی دەریایی و ئەو کەشتییانەیان تێکشکێندراون کە مینیان دەچاند، بەڵام هیچ خاوەن کەشتییەک نایەوێت ئەو سەرکێشییە بکات و بە گەرووەکەدا تێپەڕێت ئەمەش زیانێکی گەورەی بە ناوبانگی ئێران و سەرکردەکانی گەیاندووە.
ترەمپ دەڵێت، کۆبوونەوە 20 کاتژمێرییەکەی ئیسلام ئاباد لە پاکستان کۆبوونەوەکی باش بوو، لەسەر زۆر خاڵ ڕێککەوتین، بەڵام خاڵی هەرە سەرەکی کە بەرنامەی ئەتۆمییە، ئێران ئامادە نەبوو دەستبەرداری بێت، جەختیشی کردەوە کە "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
لەبارەی ڕێکارە نوێیەکانەوە، ترەمپ بڕیاری دا کە هێزی دەریایی ئەمریکا دەستبەجێ پرۆسەی گەمارۆدان و پارێزگاری لە هەر کەشتییەک دەکات، کە بیەوێت بچێتە ناو گەرووی هورمز یان لێی بچێتە دەرەوە.
ڕاشیگەیاندووە، هەر کەشتییەک سەرانە بە ئێران بدات، لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، ئەمەی ئێران دەیکات سەرانەوەرگرتنی جیهانییە و ڕێگەی پێنادەین.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی تاران کردووە و ڕایگەیاندووە، " بە تەواوی ئامادەین و سوپاکەمان ئەو کەمەی لە ئێران ماوەتەوە کۆتایی پێدەهێنێت".
گوتووشیەتی، ئێستا هێزی ئاسمانی، دەریایی و سیستمە بەرگرییەکانی ئێران لەناوچوون و خامنەیی و زۆربەی سەرکردەکانیشیان مردوون، هەموو ئەمانەش بەهۆی تەماحی ئەتۆمیتەوە بووە.
ئاشکراشیکردووە، هەر ئێرانییەک تەقە لە هێزەکانی ئەمریکا یان کەشتییە ئاشتیخوازەکان بکات، ڕەوانەی دۆزەخ دەکرێت.