سەرۆکی ئەنجومەنی کارگەکانی غاز لە سلێمانی ڕایگەیاند، قەیرانی غاز لە شارەکەدا بوونی نییە و دابینکردنی غاز بۆ هاوڵاتییان بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە.
کۆچەر تاهیر سەرۆکی ئەنجومەنی کارگەکانی غاز لە سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی، بڕێکی گونجاوی غازی یەدەگ لە کارگەکانی سلێمانیدا هەیە، دەشڵێت، تا ئێستا بیریان لەوە نەکردووەتەوە غازی ماڵان بە سیستەمی کۆبۆن دابەش بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕی پێدانی غاز بە هاوڵاتییان کەمکراوەتەوە، بەڵام ئەمە بۆ ڕێکخستنی باشتر و پاراستنی یەدەگەکانی غازە.
بە گوتەی کۆچەر تاهیر، ئەگەر کێڵگەی غازی کۆرمۆریش دەستبەکار نەبێتەوە، قەیرانی غاز لە سلێمانی دروست نابێت، چونکە حەوت کارگەی سنورەکە، غاز لە ناوچەکانی دیکەی عێراق وەردەگرن و دواتر بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشی دەکەن.
بەهۆی شەڕ و گرژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کۆمپانیای دانەغاز لەپێناو سەلامەتیی کۆمپانیا و کارمەندەکانی، بڕیاریدا بەرهەمهێنانی غاز ڕابگرێت؛ ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوە و گرانبوونی غازی ماڵان.