ئەو ئێزدییانەی لە دەستی ڕێکخراوی داعش ڕزگار بوون، لە ڕاگەیەندراوێکدا دژی هەوڵەکانی دەستکاریکردنی یاسای ئێزدییە رزگاربووان (ژمارە ٧) کە لە ساڵی ٢٠٢١ پەسەند کرابوو، هەڵوێستیان وەرگرت و جەختیان کردەوە کە بە توندی هەر جۆرە هەموارییەک کە ناوەڕۆکی یاساکە لاواز بکات، ڕەت دەکەنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم یاسایە دوای فەرمان و تاوانەکانی داعشی ساڵی ٢٠١٤، بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی ئێزدییەکان لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە دەرکراوە، لە کاتێکدا مەترسییەکان هێشتا بەردەوامن و بە هەزاران کەس بێسەروشوێنن و چەندین گۆڕی بەکۆمەڵیش هێشتا هەڵنەدراونەتەوە.
ئێزدییەکان جەختیان کردەوە کە ئەم یاسایە "ئیمتیازی تایبەت" نییە و ئەوان دژی مافی پێکهاتەکانی دیکەی عێراق نین، بەڵام نابێت برین و ئازارەکانیان بکەوێتە بەر ململانێی سیاسی؛
ئەوەش لە کاتێکدایە کە دەنگۆی هەموارکردنەکە لەبەر داواکاریی هەندێک گرووپی تورکمان و شەبەک بۆ گۆڕینی ناو و ناوەڕۆکی یاساکە سەری هەڵداوە.