دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی باندێکی سێ کەسیی ساغکردنەوەی دراوی ساختەی لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند؛ لە کاتی دەستگیرکردنیشیاندا ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری ڕوویداوە و بەهۆیەوە سێ کارمەندی ئاسایش بریندار بوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەندامانی ئەم باندە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە (سۆشیاڵ میدیا) بانگەشەیان بۆ فرۆشتنی دراوی ساختە کردووە. باندەکە لە کاتی مامەڵەکردندا هاووڵاتییانیان فریوداوە و دواتر بە زەبری چەک و هەڕەشەکردن، پارە ڕاستەقینەکەیان لێ سەندوون.
دەزگای ئاسایش ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی داڕشتنی پلان و دەستگیرکردنیاندا، تۆمەتباران بە چەک ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بوونەتەوە.
لە ئەنجامی ئەو تەکەتەک و ڕووبەڕووبوونەوەیەدا، سێ کارمەندی ئاسایش بریندار بوون، بەڵام دواجار توانراوە تەواوی ئەندامانی باندەکە کە سێ کەس بوون، دەستگیر بکرێن و ڕادەستی یاسا بکرێن.