ڕاستەوخۆ

ئاسایشی حەسەکە: هەڵاتنی چەکدارانی داعش لە زیندانی دێرک دوورە لە راستییەوە

reset font size increase font size

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە رەتیدەکاتەوە چەکدارانی داعش لە زیندانێکی دێرک هەڵاتبێتن و رایدەگەیێنێت، 11 کەس کە بە تۆمەتی بچووک دەستبەسەرکرابوون لە گرتووخانەیەکی کاتی هەڵاتوون و 10 کەسیان دەستگیرکراونەتەوە.

لە راگەیێندراوێکدا، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە، روونکردنەوەی لەسەر ئەو دەنگۆیانە دا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، گوایە ژمارەیەک زیندانیی رێکخراوی داعش لە زیندانی (دێرک) لە ناوچەی دێرک هەڵاتوون و رایگەیاند: "ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە."


هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو شوێنەی رووداوەکەی تێدا روویداوە زیندانی تایبەت بە چەکدارانی داعش نییە، بەڵکو گرتووخانەیەکی کاتییە و ئەو کەسانەی تێیدا راگیراون زۆربەیان لەسەر تاوانی بچووک (کەتن) دەستبەسەرکراون.


لەبارەی چۆنییەتی رووداوەکەش، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "11 راگیراو توانیویانە لە گرتووخانە کاتییەکە هەڵبێن، دەستبەجێ هێزەکانمان کەوتوونەتە ئامادەباشییەوە و بە خێرایی بەدەم رووداوەکەوە چوون؛ لە ئەنجامدا توانراوە 10 کەس لە هەڵاتووەکان دەستگیربکرێنەوە."


ئاسایشی حەسەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، گەڕان و بەدواداچوونی چڕ بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی کەسی یانزەیەم، هاوکات هێزەکانیشیان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.


لە کۆتاییدا، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ داوا لە هاونیشتمانییان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەن، پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە بەدووربگرن کە ئامانج لێیان تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.